سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه هێرشی شیمیایی لە ئێدلێبی سووریە مەحکووم دەکات


 
ڕۆژی سێ‌شەممە، ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ هەتاوی، بەرامبەر لەگەڵ ٤ی ئاوریلی ٢٠١٧ی زایینی، ئەرتەشی دژە مرۆیی بەشار ئەسەد لە سووریه، بە چەکی شیمیایی گوندی خان شێخوونی لە باشووری پارێزگای ئێدلێبی سووریە بۆمباران کرد، لەو هێرشه دڕندانەیەدا هەتا ئێستا زیاتر لە سەد نەفەر، گیانیان لە دەست داوە و سەدان کەسیش ‌ بریندارن کە حاڵی زۆربەیان ناجێگیره و بەراورد دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زیاد بێت. له‌ ناو قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ژن و مناڵ و خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نی تێدایه‌. دیمه‌نه‌كانی ئه‌م جنایه‌ته‌ ویژدانی مرۆڤی له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیا هه‌ژاند.
 
لە سەرەتای قەیرانەکانی وڵاتی سووریەوە ئەمە چەندەمین جاره کە حکوومەتی بەشار ئەسەد بۆ سەرکوتی خەڵک لە چەکی شیمیایی کەڵک وەردەگرێت. لەسەر داوای نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیار وابوو حکوومەتی بەعسی سوریه لە چەکی شیمیایی داماڵدرێت و بەهیچ شێوەیەک بۆی نەبێت خەڵکی بێ‌تاوانی وڵاتەکەی خۆی بەم چەکه دژەمرۆییه بۆردوومان بکات، بەڵام ئەم هێرشه بۆ ئێدلێب نیشانی دەدات کە ئەم حکوومەته نەک تا هەنووکەش چەکی شیمیایی ماوه ، بەڵکوو بێ سڵەمانەوە بەکاریشی دێنێت.
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی ئەم رووداوە دژە مرۆییە، ئەو هێرشه شیمیاییە مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان دەکات کە ئەو کردەوەیە مەحکووم بکەن. بێگومان کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرپرسه لەمەڕ ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی بێتاوانی سووریه، رەوا نیه لە بێدەنگی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەشار ئەسەد بە یارمەتی هەمەلایەنەی حکوومەتی ئێران چی دیکه بەم شێوە نابەرپرسانەیه خەڵک بکوژێت. کۆمەڵه داواکاره هەموو تاوانبارانی جینایەتەکانی سووریه سزا بدرێن و دەستی حکوومەتی ئێران کە یارمەتیدەری سەرەکی دەسەڵاتدارانی سووریەیه لەو وڵاته کورت بکرێتەوە.
 
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
 ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ هەتاوی، بەرامبەر لەگەڵ ٤ی ئاوریلی ٢٠١٧ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 1198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:22:05/04/2017