پەیامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە بە بۆنەی 26ی رێبەندان رۆژی كۆمەڵە


كۆمەڵانی خۆڕاگری كوردستان!
 كرێكاران و زەحمەتكێشان!
 هاوڕێیانی كۆمەڵە!

 ساڵێكی دیكەش بە سەر تەمەنی پڕ لە شانازی كۆمەڵە تێپەڕی، بە مانایەكی دیكە ساڵێكی دیكە بە ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی حیزبێكی سیاسی زیاد بوو كە كۆمەڵێك ئەركی مێژوویی و هەنوكەیی لە سەر شانە. گرینگتیرینی ئەم ئەركانە رزگاری نەتەوەیی، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و هەروەها پارێزگاری لە مافی چەوساوەكان ، ژنان و بە گشتی بەشخوراوانی كۆمەڵگای كوردستانە. بەردەوامی خەباتی كۆمەڵە و كۆڵنەدانی، گرینگترین ئاماژەیە بە بەردەوامبوونی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستان، بە زیندوویی ئاواتەكانی خەڵكێ بەشخوراو، ئاماژەیە بەوەی رێبوارانی رێگای شەهیدانمان ئێستاش سەنگەریان چۆل نەكردووە، لەراستیدا خەباتی ئێمە گرینگترین سەرچاوەی وزەیە بۆ رزگاری نەتەوەیی و بە دەستهێنانی مافی دیاری كردنی چارەنووس بۆ نەتەوەیەك كە بەردەوام تێكۆشاوە و كۆلی نەدا‌وە .

خەڵكی خەباتكاری كوردستان!
هاوڕێیان!

 ئەمساڵیش بە رەسمی ساڵانی رابردوو تێكۆشەرانی كۆمەڵە لە ناوخۆو دەرەوەی كوردستان بەتایبەتی لە رۆژانی رابردوودا رێزیان گرت لە گیانی پاكی هاوڕێیانی شەهیدمان كە بە خوێنی خۆیان و پێشكەشكردنی گیانی ئازیزیان رێگای پڕ لە شانازیی كۆمەڵەیان بە بەردەوانی هێشتووەتەوە. گەڕەك و كۆلان وشەقامی شارەكان، دیواری لادێكانیان بە تراكت و درووشمی ٢٦ رێبەندان رازاندەوە و بۆ جارێكی دیكەش نیشانیان دا كۆمەڵە لە قوولایی و هەناوی كۆمەڵگای كوردستاندایە.    بۆیە لێرەوە لەلایەن كۆمیتەی ناوەندی و سەرجەم ریزەكانی كۆمەڵەوە سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردووانمان و رێز لە قوربانیدان و فیداكاریەكانیان دەگرین، سڵاو و رێزی خۆمان ئاراستەی هاوڕێیانی بەندكراو دەكەین كە لە ژێر زەبر و گوشاری دیكتاتۆری ئایینی كۆماری ئیسلامی بە خۆڕاگرییەكی كەم وێنەوە مەشغەڵی بزووتنەوەكەیان زیندوو و بەرز راگرتووە و روی كۆمەڵەیان سوور كردوە.
    سڵاو‌ و رێزی خۆمان پێشكەش بە تێكۆشەرانی رواڵەت داپۆشراوی خەباتی نهێنی شار و دێهاتەكانی كوردستان دەكەین كە ئەركی حیزبی خۆیان لە ژێر چەكمەی دڕندەترین دیكتاتۆری ئەم سەردەمە، بەوپەڕی دڵسۆزی و وشیاریەوە ئەركەكانی خۆیان بەرێوە بردوەو دام ودەزگا ئەمنییەتیەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئاستیاندا دەستەوەستان بوون. سڵاو بۆ پێشمەرگەكانی كۆمەڵە كە لە ئامادەكاری بەردەوامن تا هەر كات پێویست بوو وەك باڵی چەكداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بە ئەركی پشتیوانی لە خەباتی سیاسی خەڵك و بەرگری لە خاكی كوردستان هەستن‌ و لەو رێگایە و لەو پێناوەدا گیانی خۆیان  بۆ بە جێ گەیاندنی ئەو ئەركە پیرۆزە فیدا كەن.  
    لەم رۆژەدا بە تایبەت جێگای خۆیەتی یادی هاوڕێی رابەر و دامەزرێنەر شەهید حەمە حوسێنی كەریمی بكەین كە بە فیداكردنی گیانی خۆی لە پێشەوەی خەڵكی راپەڕیوی شاری سەقز لە دژی رژیمی پاشایەتی، زەنگی دەستپێكی چالاكی ئاشكرای كۆمەڵەی بۆ یەكەمین جار پڕ بە خاكی كوردستان لێدا. بێگومان یاد و بیروەری كاك حەمەحسێن ئەو رێبەرە خۆشەویستەی كۆمەڵە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.
     جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین ئەمساڵ لە كات‌وساتێكدا بە پێشوازی رۆژی كۆمەڵە دەچین كە فاكتەرە سیاسی و كۆمەڵاییەتیەكان لەبەردەم گۆڕانكاری جیدی و بنەڕەتیدان، ئەگەرچی ساڵانی رابردوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كانگای سەرهەڵدان و كێشمەكێشی دواكەوتووترین هێزە ئایینیەكان بووە و گەڵی كوردیش لە پریشكەی ئەم شەڕانە بێبەش نەبووە و تەنیا بە فیداكاری و گیانبازی هێزی پێشمەرگە توانیویەتی پارێزگاری لە كەرامەتی خۆی بكات، بەڵام ئێستا بە بەرچاوی هەمووانەوە ئیسڵامی سیاسی روو لە پاشەكشەیە. داعش وەك دواكەوتووترین هیزی تەوەحوش و بەڕبەڕیەتی مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی لە عێراق و سووریە گورزی كاریگەری بەركەوتووە و ئاماژەكان باس لە كزی و سەرئەنجام لەناوچوون ئەم هێزە لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەكەن.
    كۆماری ئیسڵامی كە لە ساڵانی رابردوودا بە سازدانی دانووستان لەگەڵ دونیای رۆژئاوا و درێژەپێدانی بۆ ماوەیەكی زۆر و هەروەها سەرهەڵدانی داعش وەك هیزێكی دوواكەوتووی سوننی و چەمكی باڵانسی هێز و پانیكێك كە لە شەڕی سووریە ساز ببوو، هەم لە لای رۆژئاوا و هەم لەناوخۆی ئێرانیش توانیبووی مەجالێكی زیاتر بۆ دەستتێوەردان لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا بكات، بەڵام بەهاتنی كابینەی نوێ لە ئەمریكا و هەڕشەكانیان لە ئیسڵامی رادیكال كە ئێرانیش بە دڵنیاییەوە لە پەرەپێدەرانیەتی هەڵویست و دیاردەكان وانیشان دەدەن گوشارەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد بكات و چی دیكە مافە مرۆییەكان و حقوقی گەڵان نەخرێتە پەراوێزەوە. لەوەها بارودۆخێكدا ئێمە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین پرسی نەتەوەیی گەلی كورد و پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ لە كوردستان زیاتر لە جاران بەرز بكەینەوە و شێلگیرانەتر لە هەموو كات ئالاهەڵگری خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان بین.
   هەر لەم پێناوەدا كۆمەڵە وەك هێزێكی بەرپرس لە بزاڤی مافخوازانەی گەلی كورد لە كۆردستانی ئێران جارێكی دیكەش پێداگری لە سیاسەتەكانی ئەم دەورەیەی خۆی كە هاوكاری و هاوئاهەنگی زیاترە لە بەینی هێزەكانی كۆردستانی رۆژهەڵات دەكاتەوە و رادەگەیەنین كە ئێمە لەپێناو بەسەرنجام گەیاندنی خەباتی گەلی كورد و هاوكاری و هاوئاهەنگی هێزەكان هیچ بەربەست و وێتۆیەكمان نییە. هەر لەم پێناوەدا كاتی ئەوە هاتووە كە تەكانێكی گەورەتر بدەین لە خەباتی خۆمان لە كوردستانی رۆژهەڵات و هەلەكان بە یەكگرتووی لە بەرژەوەندی زیاتری خۆمان لەم بەشەی كوردستان بقۆزینەوە. بێگومان ئەم ئەركە لە هەمان كاتدا خزمەتێكی گەورەیە بە بزاڤی كورد لە هەموو پارچەكانی دیكەش و هیچ ناتەباییەكی لەگەڵ ئەركی كوردستانی بوونی نە تاك و نە هیچ حیزبێكی سیاسی نیە.

   ژنان و پیاوانی تێكۆشەر!
    كۆماری ئیسلامی لە ناو كێشەی گەورەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی نوقم بووە هیچ رۆژێك نییە باڵەكانی دەسەڵات ئیفشاگەری  لەسەر یەكتری نەكەن و لەقاودان و ناوزراندن بۆتە بەشێك لە سیستمی دەسەڵاتی كۆماری ئیسڵامی. ئەم كەلێنە گەورانە بە دڵناییەوە نیشاندەری سست بوونی كۆڵەكە فكری و ئیدئۆلۆژیكەكانی ئەم شێوە دەسەڵاتەن و بە هیچ كەس ئیتر ناشاردرێنەوە. نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریش لە ئێران نیشاندەری ئەوەن كە دەوڵەتی رووحانی نەیتوانیوە ئەو هۆمێدە كە بۆ ئاڵ‌وگۆڕی بەرچاو لە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێران لە ناو بەشێك لە جەماوەر دروست ببوو بەرەوە پێش ببات و جیا لە سازانی ئەتۆمی هیچ دەسكەوتێكی دیكەی نەبووە. وەزعی ئابووری، رێژەی بێكاری و ڕكوودی بازاڕ و پەرەسەندنی هەژاری گەیشتوەتە رادەیەك كە بەشێكی بەرچاو لە كۆمەڵگای ئێران لەژێر هێلی هەژاری ژیان دەكەن.
    ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی قووڵ و پەنگخواردوە، ئەوەیە ئەو بەستێنەی رێگامان پێدەدا تا قۆڵی لێ‌ هەڵماڵین و تواناكانمان بخەینە سەریەك بۆ كۆتای هێنان بە زۆڵم و ناعەداڵەتی لە كۆمەڵگادا. كۆمەڵە بە ئەركی مێژوویی خۆی دەزانێ‌ تا لەو رێگایە هەموو توانا‌و وزەی خۆی بخاتە كار بۆ هاوكاری و ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی لەو كۆمەڵگای ئێران و كوردستان. بێگومان سەركەوتن هەر بۆ جەماوەری خەڵك و گەلانی ماف زەوتكراوی ئێرانە.

پیرۆزبێ ٣٨ هەمین ساڵڕۆژی خەباتی ئاشكرای كۆمەڵە
 بەرزوبەڕێزبێ یادی كاك حەمەحسێن كەریمی و هەموو گیانبەختكردووانی كۆمەڵە
 كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
 ٢٦/ رێبەندانی/ ١٣٩٥ هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 1333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:28:14/02/2017