دەقی وتەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لە دیداری ساڵانەی مێری


دەقی وتەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە سمیناری ساڵانەی سەنتەری مێری لە شاری هەولێر


سپاسی ئەنیستیتۆی مێری و زەحمەتەکانیان دەکەم، بەتایبەتی شەخسی دوکتور دلاوەر عەلادین و سڵاوێکی گەرم دەنێرم بۆ پێشمەرگە لە جەبهەکانی شەڕی داعش کە دڵی هەموومان لەلایانە.
بە تەمام ئامۆژگاریەکەی دوکتۆر دلاوەر عەلادین ڕچاو بکەم، واتە نەچمە سەر تەحلیل و نەڕۆمەوە سەر باسی ڕابردوو. سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان زۆر گرینگن و بۆخۆی سمێناری و لێکدانەوەی تایبەتی بە ساعەت و بە ڕۆژ دەوێ. ڕەنگبێ هەرکام قسەمان هەبێ و منیش بە بەشی خۆم  و ئەگەر قسەش بێتە ئاراوە هەرکەسەو دەتوانێ لەسەر لێکدانەوە هەڵوێستی لایەنەکەی تریش تێبینی بدات، بەڵام بەتەما نیم لەسەر هیچکام لەوانە قسە بکەم، ئەوەی من تەمامە بیڵێم  ئەوەیە: ئەو گۆڕانکاریە گەورانە، کە بەشی هەرە زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ نەبێ ناوچەکەی ئێمە، واتە ئەو چوار دەوڵەتەی کە کوردی تێدا دەژی، هێشتا ئێرانی نەگرتووەتەوە. بەڵام هەموومان دەزانین کە ئێران بە هۆکاری ناوخۆیی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی پێویستی بە گۆڕانێکیش هەیە و بارودۆخی ناوچەیەکەش ڕەنگبێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ ئەم گۆڕانە. ئێمەش وەکوو کورد، وەکوو کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، وەکوو ئەحزابی کورد کە ساڵهایە تێکۆشانمان کردووە حەقە بیربکەینەوە چۆن کاری خۆمان لەم سەردەمەدا قایم بگرین و گەر بارودۆخەکە ناخۆشتر بوو مۆسیبەتی زۆرتر و تەنگانەی زۆرترمان بەسەردا هات چۆن خۆمان ڕاگرین بۆ قۆناغێکی داهاتوو و ئەگەر دنیا لەگەڵمان مێهرەبانتر بوو، زەردە خەنەیەکی گۆڕانمان لە وڵاتدا بەدی کرد چۆن بەرەو پیری بڕۆین و ئەو هەلە بقۆزینەوە.
 من لە سمێنارێکیشدا، کە چەند ڕۆژێک پێش لە مێری، پێشکەشم کرد و لە زۆر بۆنەی دیکەشدا لەسەر چەند شت ڕاماوم کە ئێستا دەمەوێ ئەوانە بڵێمەوە. پێموایە لێکدانەوەکەشمان لەیەک جیاواز بێت بەڵام دەتوانین و بەبڕوای من پێویستیشە لەسەر ئەم چەن شتە یەک بگرین: یەکم، بەرەیەکی کوردستانیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. نازانم بۆ ناتوانین درووستی کەین، با لێرە نەچینە دەرەوە و بەرەی کوردستانی ڕاگەێنین. ئێمە هیچ مانعێکمان نیە، ناشڵێم تەنیا ئەم 5** لایانە بن، لایانی دیکەشی تێبخەین؛ ئێمە هیچ مانعێکمان نیە کە کەسانێ، هاوڕێیانێک کە پێشتر بەیەکەوە بووین بەڵام جیابوونەوە و بۆخۆیان حیزب و گرووپێکی دیکەیان پێکهێناوە، مانێعمان نیە بۆ ئیمزاکردنی شتێکی لەم چەشنە. ئێمە، سەرەڕای ئەوەش کە جیاوازی فیکری و سیاسی لە لایەنەکانی دیکەشدا دەبینین، بەڵام بۆ ئیمزاکردن و هاوکاریکردن لەگەڵ هیچ لایانێکی دیکە بەهەر ئەندازە، کە ئەوان پێیان وابێت، جیاوازی فیکری و ئایدیۆلۆژیکی  لە نێوانماندا هەیە بۆ ئەوەشیان مانعێکمان نیە.

ڕەنگبێت هەندێ لایەن لە ناو ئێمەدا کە لە هاوڕێانی کۆنی خۆمن و جێگای ڕێزیشن، پێیان وابێ ئێمە ناسیۆنالیستین، بەڵام من وەک خۆم ناسیۆنالیزم بە جوێن و شتێکی ناحەز نازانم. کەواتە، لەگەل ناسیۆنالیستێکدا هاوکاری بکەن، سۆسیال دێمۆکراتین، لەگەل سۆسیال دێمۆکراتێکدا هاوکاری بکەن، کێشە چیە؟ پێویست ناکا ئێمە هاو ئایدیۆلۆژیا بین، هاوفکر و هاو ئێستراتێژی بین، هاو هەموو شتێک بین جا هەنگاوێکی هاوبەش هەڵبێنین. ئێمە خاڵی هاوبەشمان یەکجار زۆرە و من لەو بڕوایەدام بەینی ئێمە و کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش، خاڵی هاوبەش یەکجار زۆرە، بۆیە بە باشی دەزانم یەکەم کارمان ئەوەبێت بەرەیەک، یا ئەگەر ناوی بەرەشی لێنانەین، ئێئتلافێکی ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵاتی، پێک بێنین.

 دووهەم، ئەگەر بەرە پێکنەهات لەو بڕوایەدام و دەمێکیشە ئەو قسەیەم کردووە، ئێمە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات، ڕێکبخەین کە تەنیا مەحدوود نیە لە چواچێوەی ئەحزاب و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هەموو کەسایەتی و لایانەکان دەگرێتەوە، بۆنموونە، تێکۆشەرە دێرینەکان، گەنجان، فێمێنیستەکان و هتد و داواشیان لێدەکەم ئەوانیش ببن بە فشارێک لەسەر حیزبەکان، ببنە هاوکارێک لەگەڵ حیزبەکان. من پێم وایە، درووستکردنی کۆنگرەیەکی لەم چەشنە، دەنگێک لە نەوعی پارلمانی کوردی ڕۆژهەڵات بێت لە تاراوگەدا و دەتوانێ دەنگێکی هاوبەشی هەموومان بێت، دەتوانێ لۆبیگەریەکی گەورە لە جیهانی دەرەوە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بەرهەم بێنێت و بەڕاستیش پێم وایە هەر حیزبە و ڕاگەیاندنی خۆی دەبێ، بەڵام با ئەو کۆنگرەیە تلێڤیزیۆنێکی هاوبەشی هەبێت، هەر حیزبێک تێلێڤیزیۆنێکی بۆچیە، ئەویش لەو هەژاریەدا کە ئێستا هەموو لایەک تووشی هاتووین، خۆ زۆرێکمان نیمانە بەڵام ئەگەر پێکەوە کار بکەین ئەتوانین تێلێڤیزیۆنێکی هاوبەش و پرۆفشناڵ دابنێین، دەنگی هەموومانی تێدا بێ. لەو باوەڕەدام یەک تێلیڤیزیۆن بەسە بۆ کوردی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنەکەی.

سێهەم، پێویستە ئەو هێزانەی کە پێشمەرگەیان هەیە ستراتێژیەکانیان_ لەباری پێشمەرگانەوە_ لەیەک نزیک بێت؛ لە ژوورێکی داخراودا بیربکەینەوە بزانین بەڕاستی کات و ساتی خەباتی چەکداری لە ئێستادا چیە. ئەگەر پێمان چاک نەبوو یان ویستمان بەجۆرێکی دیکە خەباتی چەکداری بکرێت و لەسەری ساق بووینەوە، ئەگەر بەڕاستی پێمان چاک بوو، دەی هێزەکانمان بخەینە پاڵ یەک و ژوورێکی عەمەلیاتی هاوبەش درووست بکەین و کارێکی هاوبەش لەو بارەوە بکەین.  بۆ پچڕپچڕ ئەو کارەبکەین؟

 چوارەم، ئێمە دەبێ خاوەن پلاتفۆرمێکی لانیکەم بین بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەمەی دەیڵێم قسەی ئێستاشم نیە، ئێستاش باوڕم پێیەتی کە هیچکەس بەقەد کورد زەرەرمەند نیە لە مانەوەی وەزعی مەوجود لە ئێستای ئێراندا، هیچکەس بەقەد کورد سوود نابات لە گۆڕانکاری سیاسی، قۆناغێکی گوزار بۆ دێمۆکراسی و گۆڕانی سیتەمی سیاسی لە ئێراندا. پێموایە لەوەدا هیچ گومانێک نیە بەڵام بە زانینی ئەوەش بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بزووتنەوەیەکی داخوازیکارە، ناتوانێت داخوازیەکانی فۆرموولە نەکات، ناتوانێ بڵێ تا کۆماری ئیسلامی تەفروتوونا نەکرێت و ڕژیمێکی بە تەواوی دێمۆکراتیک نەێتە ئاراوە و فێدرالیزم نەدرێ و هەموو داخوازیەکانمان نەیێتەدی، ئێمە داخوازی لانیکەممان نیە. پێموایە ئێمە ئەبێت داخوازی لانیکەم فۆرموولە بکەین، ئەم داخوازیە دەبێتە هۆی ئەوە بزووتنەوە مەدەنیەکان، کە بە هەموو هەست و پێستمانەوە لەگەڵیانین و پشتیان دەگرین، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکانمان درووشمی ڕۆژیان بێ، بتوانن درووشمێکیان هەبێ بۆ خەباتەکەی خۆیان، دەبێتە هۆی ئەوەی فشاری سیاسی ناوخۆی وڵات کۆبێتەوە لەسەر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی. دەتوانێت ببێتە پلاتفۆرمێک و پێشکەشی ڕای گشتی بکرێت و ئەوانیش کار و پێداگری بکەن لەسەری کە ئەمە بۆخۆی دەبێت بە فشار بۆ سەر ئێران. نە ئۆرووپا و نە ئامریکا، نە شوێنێکی دونیا ئێستا نایەت بڵێ: زۆر چاکە، من داخوازی گوڕانی ڕژیمی ئێرانت بۆ جێبەجێ دەکەم،  بەڵام زۆر داخوازی هەیە کە دنیای ڕۆژئاوا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەتوانێت پشتگیری بکات لەو داخوازیە سەرەتایی و لانیکەمانە و سەرنجام ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئێستا ڕەنگبێ منیش پێم گونجاو نەبێت وتووێژ و گوفتووگۆیەک لەگەڵ  کورد بکات، ئەوە دەبێتە ئەو داخوازیە لانیکەمانەی کە کورد گفتوگوی لەسەر دەکات و تەبعەن لە گفتووگۆیەکی ئاواشدا پێموایە حیزبەکان دەبێت پێشێ یەکیان گرتبێ و بەیەک وەفد و بە یەک هەیئەت و بەیەک مەجمووعە داخوازیەوە، ڕۆژی خۆی و لەئەگری ڕۆژیکی وادا، بتوانین لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دابنیشین، نەک هەرحیزبە و بۆخۆی وتووێژ بکات. سەرەڕای هەموو ئەمانە پێموایە کاتی هاتووە، لەوە زیاتر کات بە فیڕۆ نەدەین و هەر تەحلیلێکمان لە یەکتری هەیە، هەر ڕەخنەیەکمان لە یەکتری هەیە، لەوانەیە ئێمەش ئەو ڕەخنانەمان هەبێ، هەم لە حیزبی دێمۆکرات و هەم لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یان هەر لایەکی دیکە، بەڵام هیچکام لەوانە نەکەینە کۆسپ و لەمپەر. لانیکەم دیالۆگ، بەڵام دیالۆگێکی مەبەستدار  بە مەبەستی گەیشتن بە یەکگرتنێکی گەورەتر لە نێو ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە خێرەکەی بێگومان بۆ هەموومانە و ئاوا حیسابمان لەسەر دەکەن، هەر لەهەرێمی کوردستانەوە بگرە تا پارچەکانی دیکە، تا ناوخۆی ئێران، تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، تا ئۆپۆزیسیۆنەکەی و تا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی؛ ئاوا حیسابی زۆرترمان بۆ دەکەن، ئێمە ئامادەگی بێمەرجمان هەیە بۆ ئەو کارە، زۆر سپاس.


ژێدەرەکان:
*_ ئەوەی دەقەی لەبەردەستاندایە دەقی پیادەکراوی لێدوانەکەی عەبدوڵای موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕە، لە دیداری ساڵانەی (2016)ی مێری دا.
**_ مەبەست ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران(کۆمەڵە) حدکا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕە.


ئه‌م بابه‌ته 1265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:22:02/11/2016