مستەفا زاهیدی
ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ پێش فایلێكی ده‌نگی له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌ر به‌ لایه‌نگرانی مونته‌زری بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێعدامه‌كانی هاوینی 1367 ده‌ربڕیوه‌. ئه‌م فایله‌ ده‌نگییه‌ زۆر زوو له‌ سه‌ر ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ سڕدرایه‌وه‌" />

له‌ ساڵیادی‌ قه‌تلی عامی‌ هاوینی‌ 67دا

مستەفا زاهیدی

ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ پێش فایلێكی ده‌نگی له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌ر به‌ لایه‌نگرانی مونته‌زری بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێعدامه‌كانی هاوینی 1367 ده‌ربڕیوه‌. ئه‌م فایله‌ ده‌نگییه‌ زۆر زوو له‌ سه‌ر ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ سڕدرایه‌وه‌و له‌ لایه‌ن باڵه‌كانی رژیمه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر مونته‌زری و لایه‌نگرانی، ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌د خاته‌می له‌ وتاری رۆژی هه‌ینیدا هێرشی كرده‌ سه‌ر مونته‌زری و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خومه‌ینی و فه‌رمانه‌كانی ئه‌وی به‌ لادان له‌ رێگای خودا و پێغه‌مبه‌ر وه‌سف كرد.

 28 ساڵ له‌مه‌و پێش و له‌ وه‌ها رۆژانێكدا بوو كه‌ رژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ، به‌ مه‌به‌ستی‌ چاوترسێن كردنی‌ جه‌ماوه‌ر و به‌ مه‌به‌ستی‌ خولقاندنی‌ كه‌ش و هه‌وای‌ ترس و خه‌فه‌قان، له‌ زیندانه‌كان ده‌ستی‌ دایه‌ قه‌تڵ وعام و به‌ كۆمه‌ڵ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ چالاكانی‌ سیاسی و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ له‌ دادگایی كردنێكی‌ چه‌ند چركه‌دا ئێعدام كرد.


رژیم له‌ درێژ كردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ماڵوێرانكه‌ری‌ عێراق- ئێراندا، تووشی شكه‌ست هاتبوو، به‌ قه‌ولی خۆیان نه‌یانتوانیبوو رێگای‌ قودس له‌ كه‌ربه‌لاوه‌ ببڕن. خومه‌ینی‌ پیری‌ جه‌ماران جامی‌ زه‌هری‌ نۆش كردبوو و دانی‌ به‌وه‌دا نابوو كه‌ له‌ درێژ كردنه‌وه‌ی‌ جه‌نگ شكه‌ستیان خواردوه‌، خواردنی‌ جامی‌ ژه‌هر له‌ لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه‌و راگرتنی‌ جه‌نگ ، بوو به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ مێشكی‌ خه‌ڵكدا چه‌كه‌ره‌ بستێنێ‌ كه‌ بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ درێژ نه‌كرایه‌وه‌، له‌ حاڵێكدا ده‌كرا چه‌ند ساڵ پێشتر ئه‌م ئاگربرٍه‌ بكرێ‌؟

له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ باری‌ ئابووری‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێران تا ده‌هات روو به‌ خراپ بوون ده‌چوو. رژیمێك كه‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ی‌ دابوو خزمه‌تكاری‌ هه‌ژار و فه‌قیر بێت ، هیچ خزمه‌تكاری‌ هه‌ژار و فه‌قیر نه‌بوو ، به‌ڵكوو بوو به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ هۆی‌ گرانیه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ هه‌ژاریدا نوقم بێت.

له‌ گه‌ڵ كۆتایی هاتنی‌ شه‌ڕ و بیركردنه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێران ، له‌ ئاكامه‌ ماڵی و گیانی و رۆحییه‌كانی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ماڵوێرانكه‌ره‌، به‌وه‌ ده‌چوو ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ ناوخۆی‌ ولاَت دژ به‌و ده‌سه‌لاَته‌ په‌ره‌ بستێنێ‌, شه‌ڕ كۆتایی هاتبوو، ئیتر نه‌ده‌كرا به‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌ شه‌ڕداین و ولاَت له‌ شه‌ڕدایه‌، وه‌لاَمی‌ خواسته‌كانی‌ جه‌ماوه‌ر نه‌درێته‌وه‌. تا ده‌هات پرسیار له‌ مێشكی‌ جه‌ماوه‌ردا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بوو. هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ش بۆ ئه‌م ده‌سه‌لاَته‌ بڤه‌ بوو.

له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ چالاكانی‌ مه‌ده‌نی‌ و سیاسی له‌ ساڵه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ به‌ ده‌سه‌لاَت گه‌یشتنی‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا و به‌ تایبه‌ت له‌ ساڵی 61 و 62 ، به‌ تاوانی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مانه‌ دژ به‌ ده‌سه‌لاَتن و سه‌ر به‌ رۆژئاواو به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكان ئێعدام  كرابوون. بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌م كه‌سانه‌ش له‌م رژیمه‌ داخ له‌ دڵ بوون.

 به‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێران و به‌ تایبه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی‌ رۆڵه‌كانیان له‌ زیندانه‌كانی‌ رژیمدا گیانیان له‌ ده‌ست دابوو، ئه‌و بنه‌مالاَنه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕدا ئازیزانی‌ خۆیان له‌ ده‌ست دابوو، پرسیاریان هه‌بوو، ناڕازی‌ بوون . پرسیار له‌وه‌ی‌ 8 ساڵ شه‌ڕ بۆ؟ پرسیار له‌وه‌ی‌ رۆڵه‌كانمان بۆ ئێعدام كران؟

پرسیار له‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ بوو خزمه‌ت به‌ هه‌ژاران ؟ زۆر پرسیاری‌ تر هه‌بوون كه‌ پێویست بوو وه‌لاَمی‌ پێ بدرێته‌وه‌
رژیم بۆ به‌رگرتن به‌م ناڕه‌زاییه‌تیانه‌ بیری‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ كه‌ش و هه‌وای‌ ترس و خه‌فه‌قان له‌ كۆمه‌ڵگا دابمه‌رزێنێ‌ و به‌ واتایه‌كی‌ تر پرسیار كردن قه‌ده‌غه‌ بكات؟
خومه‌ینی‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ خه‌ڵخاڵی وه‌ك حاكم شه‌رع به‌ ئێختیاراتی‌ ته‌واوه‌وه‌  ره‌وانه‌ی‌ زیندانه‌كان كرد. مه‌ئمووریه‌تی‌ خه‌ڵخاڵی ئه‌وه‌ بوو له‌ رێگای‌ ئێعدام كردنی‌ چالاكانی‌ سیاسی و رۆشنبیر و چه‌پ و شۆڕشگێڕه‌وه‌، ده‌ست بداته‌ خولقاندنی‌ كه‌ش و هه‌وای‌ ترس و خه‌فه‌قان.

به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ چالاكانی‌ سیاسی و رۆشنبیری‌ و له‌ شۆڕشگێڕانی‌ چه‌پ له‌م هاوینه‌ شوومه‌دا له‌ لایه‌ن خه‌ڵخاڵییه‌وه‌ له‌ دادگایی كردنی چه‌ند چركه‌دا، ئێعدام كران و به‌ دزیه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان نێژران و ژماره‌یه‌كیشان له‌ گۆڕستانی‌ خاوه‌ران نێژران.
ئێستاش گۆڕستانی‌ خاوه‌ران به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌و جینایه‌ته‌ی‌ رژیمه‌ و وه‌ك خاڵی ره‌ش به‌ ناوچاوانی‌ ئه‌م رژیمه‌ و مێژووه‌كه‌یه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

به‌لاَم سه‌یر ئه‌وه‌ بوو ئه‌م جینایه‌ته‌ی‌ رژیم ئه‌و سه‌رده‌م له‌ میدیای جیهانیدا ره‌نگی‌ نه‌دایه‌وه‌ و كۆمه‌ڵگای‌ جیهانی‌ بێده‌نگه‌ی‌ كرد به‌رامبه‌ر به‌م جینایه‌ته‌ وه‌حشیانه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ ببرێته‌ خانه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌وه‌.
ئێستاش 28  ساڵ له‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێ، به‌ڵام  رژیم ده‌ستبه‌رداری‌ گوشار بۆ سه‌ر ئه‌و بنه‌مالاَنه‌ نابێ كه‌ ئازیزانیان له‌ هاوینی‌ 67دا به‌ فه‌رمانی‌ خومه‌ینی‌ و جێ به‌ جێكردنی‌ خه‌ڵخاڵی له‌ دادگایی كردنێكی‌ چه‌ن چركه‌دا نێردرانه‌ به‌ر جووخه‌ی‌ ئێعدام. ئێستاش رژیم ئیزن نادات بنه‌ماڵه‌ی‌ گیانبه‌ختكردوانی‌ هاوینی‌ 67 له‌ سه‌ر گلكۆی‌ ئازیزانیان له‌ گۆڕستانی‌ خاوه‌ران كۆ ببنه‌وه‌. ساڵی پار ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌وانه‌ی‌ له‌ گۆڕستانی‌ خاوه‌ران له‌ سه‌ر گلگۆی‌ ئه‌م شۆڕشگێڕانه‌ كۆ ببوونه‌وه‌، نێردرانه‌ زیندان و ئێستاش ژماره‌یه‌كیان هه‌ر له‌ زینداندان .

به‌راست ئه‌مه‌ چ ترسێكه‌ به‌ ناو زیندوویه‌ك وه‌ك رێبه‌رایه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ به‌ ناو مردوانی‌ هاوینی‌ 67 هه‌یانه‌؟

ئاخۆ ئه‌مه‌ ترس له‌و باوه‌ڕه‌ نییه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ گیانیان له‌ پێناویدا به‌خت كرد؟ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ئه‌م رژیمه‌ زیندوو بوونه‌وه‌ی‌ به‌ ئاماژه‌یه‌ك ده‌زانێ‌ بۆ به‌ مه‌ترسی كه‌وتنی‌ ده‌سه‌لاَته‌كه‌ی‌؟

رژیم ده‌یهه‌وێ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و كوشتاره‌ بشارێته‌وه‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و مێژووه‌ به‌ زیانی خۆی‌ ده‌زانێت و هێرش بۆ سه‌ر لایه‌نگرانی مونته‌زری و ناچاركردنیان به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و فایله‌ ده‌نگیانه‌ لا ببه‌ن، ته‌نها له‌و ڕووه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یهه‌وێت راستییه‌كانی ئه‌م كوشتاره‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ ناو زیندانه‌كان شاراوه‌ بمێنێته‌وه‌و ره‌نگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ش بتوانێت نیشانه‌كانی ئه‌و مێژووه‌ بسڕێته‌وه‌.



ئه‌م بابه‌ته 943 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:35:29/08/2016