عەبدوڵڵا موهتەدی: هیچکەس بەقەد کورد سوودمەند نابێ لە گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی ئێراندا


دەقی وتووێژی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ کەناڵی K24



کاک عەبدوڵڵا سوپاس بۆ میواندارێتیتان، ئەگەر یەکەم پرسیار لەوێیەوە دەست پێبکەین ئێوە بۆچی ئەو پلاتفۆرمەی کە بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانتان پێشکەش کردووە بە ناوی خۆتەوەیە بەناوی دەفتەری سیاسی یان حیزبەکەتانەوە نییە؟

وەڵام: بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ من کە سکرتێری ئەو حیزبەم گوتەبێژی حیزبەکەشم، کە من ئەو بیرۆکەیەم باس کرد لە ناو کومیتەی ناوەندیدا دوای تاوتوێ کردنێکی زۆر، هەمووان لە سەری کۆکن، لەبەر ئەوەی ئەمە شتێک نیە کە من بڵێم و گوای خەڵکی دیکە نایڵێن، بەڵام ڕەنگ بێ فایدەیەکی ئاوا لە زمان خۆمەوە بەیان بکرێ ئەوەیە لە جیاتی زمانێکی سیاسی و ڕەسمی و وشکی ئیداری کە یەک دوو سێ چوار، ئەلف بێ جیم دال، زمانێکی ئاوا بێ بڕیارنامەیەک بێ، من وام بەباشزانی کە زمانێکی خۆماڵییانە و شەخسی بێ، ڕەنگێکی شەخسی و لایەنێکی ئینسانی و لایەنی دۆستانە و لایەنی دڵسۆزی کە من بە شتێکی گرینگی دەزانم لەو پەیامەدا، ئەوە بتوانێ باشتر ڕابگەیەنێ.


پرسیار: بەڵام دەگووترێ ئەگەر لە لایەن حیزبەکەتانەوە بوایەت ڕەنگە فەرمیتر بوایە ئەم داوایە؟

وەڵام: ئەمە گەڵاڵە نییە، ئەمە بیرۆکەیە، گەڵاڵە وەختێکە کە هەردووکلامان دوای دانیشتن و تاوتوێ کردن بە ئەنجامێک بگەین ئەمە دەبێتە گەڵاڵە، من گەڵاڵەیەکم پێشنیار نەکردووە بەڵکوو ئەمە بیرۆکەیەکە پێم خۆشە ئەوانیش شەریک بن لەو بیرۆکەدا تا من گەڵاڵەیەکی تەواو بڵێم و ئەوانیش قەبووڵی بکەن، ئەوە پێموانیە ڕێگەیەکی زۆر گونجاو و باش بێ بۆ هاوکاری کردن.


پرسیار: کەواتە ئەتوانین بڵێین لە ناو دەفتەری سیاسی یان کومیتەی مەرکەزی حیزبەکەتاندا خەڵکانێک نەبن کە لەگەڵ ئەم بابەتە بن؟

وەڵام: هەمووی لەگەڵیەتی.


پرسیار: لەگەڵیەتی؟

وەڵام: بەڵێ بەڵێ، ئێمە قسەمان لەسەری کردووە و تاوتوێمان کردووە.


پرسیار: زۆر کەس پرسیاری ئەوە دەکا کە بۆچی ئەم هەوڵەتان لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دووپات نەکردووەتەوە یان نەداوە، یەعنی دەگووترێ لە ڕووی ڕێباز یان ستراتێژی و بەدەنەوە ئێوە لەوان زیاتر نزیکترن؟

وەڵام: ڕاستە، ڕووی قسەی ئەم نووسراوەیە یان بیرۆکەی ئەم پلاتفۆرمە زۆرتر لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە کە ئەوانیش بەناوی کۆمەڵەوە کار دەکەن، بۆچی چوون من پێموابوو دوورییەکی زۆر هەیە لەنێوانماندا، خۆشبەختانە ناڵێم ساردی و ناخۆشی بەڵام کەمنزیکییەک لەنێوماندا هەیە، ئەمن پێموابوو پێش هەموو شتێک دەبوو سەهۆڵبەندانی بەینی ئەم دوانە بتوێتەوە دەنا ئەگەر بەختەوەر بین و بگەین بەو دانیشتن و بەو پلاتفۆرمە، ئێمە کەسی لێدەرناهاوێین.


پرسیار: ئێوە لە دوا کۆنگرەی حیزبەکەتاندا دەسکاری پرۆگرامی حیزبەکەتان کرد، یەعنی بەشێوەیەک لە شێوەکان ئێوە زیاتر لە ناسیۆنالیزمی کوردی نزیکبوونەوە، ئێستا بۆچی داوا لە حیزبێک دەکەن کە هاوکاریتان لەگەڵدا بکات یان یەک بگرنەوە کە بڕوای بە ناسیۆنالیزمی کوردی یان لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی نییە بەلانیکەمەوە؟

وەڵام: ئەگەر لەمن پرسی, هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵە تا ساڵانێکی زۆریش من کۆمەڵە بە ئاڵا هەڵگری خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەناسم، هەمیشەش وا بووە، چەن ساڵێک لە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ئێمە دوور کەوتنەوە و ترازانێکمان لەوەدا هەبوو و لەساڵی دووهەزار کە ئێمە جیابووینەوە، ڕەنگە زۆرکەس وا بیرنەکاتەوە بەڵام لە ڕوانگەی منەوە ئێمە چووینەوە سەر لەبابەت مەسەلەی نەتەوەیی کوورد و کێشەی کوردەوە، پرسی کوردەوە ئێمە چووینەوە سەر ئەو هێڵە درووستەی کە پێشتر بوومان، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش من قەد نەمشاردووەتەوە تەنانەت لەو نووسراوەیەشدا نەمشاردووەتەوە کە کۆمەڵێک جیاوازی فیکری و سیاسی و ئایدۆلۆژی لە نێوماندا هەیە هەر بۆیەش داوای یەکگرتنەوەیەکی حیزبیم نەکردووە، هەرچەند هیوادارم ڕۆژێک ئەوەش سەربگرێت بەڵام ئەوە گفتوگۆ و موناقشە و لێک نزیکبوونەوەیەکی فیکری دەوێت، ئەوەی من داوام کردووە ئەوەیە سەرەڕای جیاوازییەکانمان و بە دانپێدانانی ئەو جیاوازییانە، بەڵام هێشتا زۆر خاڵی هاوبەشمان هەیە و لە زۆر شتدا دەتوانین بەیەکەوە هاوکاری بکەین بۆیەش ناوم ناوە پلاتفۆڕم نەک یەک حیزبی.


پرسیار: یەعنی وەکوو ڕێکەوتنێکی سیاسی؟

وەڵام: وەکوو ڕێکەوتنێکی سیاسی لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کۆمەڵێک بەهای هاوبەش کە پێموایە لە نێوانماندا هەیە.


پرسیار: بەڵام لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە وەکوو وتت کۆمەڵێک جیاوازیتان هەیە، ئەگەر بڵێین کۆمەڵەی کۆمۆنیستی وەڵامێکی ئەرێنی دایەوە ئێوە چۆن چۆنی پێداگری دەکەن لەسەر ئەو بنەمایەی کە خۆتان باوەڕتان پێی هەیە و ئەوانیش باوەڕیان پێی هەیە و چۆن ئەکەونە ڕێکەوتنێک؟ ئێوە پاشەکشە ئەکەن لە ئەو بنەمایانەی کە خۆتان باوەڕتان پێیە یان چۆن دەبێت؟

وەڵام: داوام نەکردووە هیچ لایەک پاشەکشە بکات، بەپێچەوانە هەر لایەک دەبێ ڕێز بگرێ لە بیروباوەڕی لایەنەکەیتر. پێموایە، من لە لایەن خۆمانەوە دەڵێم ئێمە زۆر لەمێژساڵە پێمانوایە پێناسە کردنی خۆمان بەو نۆعە چەپایەتییە و بە کۆمۆنیسم هەڵەیە و نابێ بیکەین و نەشمانکردووە، لەبەر ئەوە بیرکردنەوەشمان جیاوازە لەو بەرنامەیە، بەڵام دیسانیش هەروەکووو باسم کرد لەو بڕوایەدام کە کۆمەڵێک هەم ئامانجی هاوبەش، بەرنامەی سیاسی هاوبەش، تەنانەت بەهای هاوبەش بەبڕوای من لەبەینماندا هەیە، جا ئەگەر ئەمانەمان کرد و دانیشتن و لێکنزیکبوونەوە و هاوکاری کردن بەهەردووکلامان بۆئەوەی بەگەڵاڵە و پلاتفۆرمێک بگەین، ئەگەر ئەوە سەری گرت، ئەو وەختە لە فەزایەکی خۆماڵی و بێ تەعەسوب دەتوانین کۆمەڵێک قسەی ئایدۆلۆژی و بیروباوەڕی و سیمیناریش لە بەینماندا هەبێت، تا بزانین ئاکامەکەی چ دەبێت.


پرسیار: لەو پلاتفۆرمەی کە پێشکەشتان کردووە لەو گەڵاڵەنامەیە، زۆر نموونەی مێژووییتان هێناوەتەوە بۆ لێکنزیکبوونەوە و ڕێکەوتنی سیاسی و تەنانەت یەکگرتنیش، بەڵام زۆرینەی نموونەکان لە حیزبە چەپەکانەوەیە زیاتر، ئەم نموونانە دڵدانەوەیەک نییە بۆ حیزبی کۆمۆنیست بۆ ئەوەی کە زیاتر بتوانن لە گەڵ ئێوەدا نزیک ببنەوە؟

وەڵام: کەسێک کە مەبەستێکی هەبێت هەوڵ دەدا ئیستێدلال بێنێتەوە، دەلیل بێنێتەوە بۆ مەبەستەکەی خۆی، من بەڕاستی و بەدڵ مەبەستم نزیکبوونەوە لێیانە، مەبەستم ئەوەیە سەهۆڵبەندانی نێوانمان بتوێتەوە و ئامادەیی بۆ گفتووگۆ و دیالۆگ بە هەموو خاڵی جیاوازەکانیشەوە لەبەینماندا برەخسێ، بۆیە هەوڵمداوە کە ئەو نموونە مێژووییانە بێنمەوە کە بەحەقیقەت خزمەت دەکات بە ئامانجەکەی من، ئەو نموونانە هیچی دەستکرد نین، هەمووی ڕاستن، هەمووی واقعین، هەمووی مێژوویین، زۆر لەوە زیاتریشم دەزانی پێموابوو لەوە زیاتر توولی پێنەدەم دەنا نموونە لەسەر ئەوە زۆرە کە ئەحزابی چەپ ئەوجۆرە هاوکارییانەیان چ لەبەین خۆیاندا کردووە و چ تەنانەت لەگەڵ ئەحزابی ناچەپیش کردووە، چوون من خۆم لەو بڕوایەدام کە بۆ من هەموو پرۆژەکە ئەوە نییە لە باری کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە، ئەمە گۆشەیەک لە پرۆژەیەکی گەورەیە کە پێموایە ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ سەرەنجام بگەن بەجۆرێک ئێئتلاف و هاوپەیمانی و بەرەیەکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەمە پێویستییەکی سەردەمە کە ئەگەر بیکەین زۆر قازانج دەکەین، بەڵام ئەگەر بێت و نەیکەین زۆر زەرەر دەکەین.


پرسیار: دەگووترێت ئێوە بۆئەوەی چیتر باس لە گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان نەکرێت ئەم باسەتان ورووژاندەوە؟

وەڵام: نەخێر ئێمە وەختی خۆی گفتوگۆی چڕ و پڕترمان لەگەڵیان کرد، تا دەتوانم بڵێم یەک هەنگاوی یەکگرتنەوەش چووینە پێشەوە بەڵام سەری نەگرت، هەروەکوو باسیشم کرد ئەگەر بەینی ئێمە و ڕێکخراوی کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کارەکە سەر بگرێ و بگەینە جێگایەک ئێمە کەسی لێدەرناهاوێین.


پرسیار: ئێوە ڕێکەوتنێکتان لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کورستانی ئێرانیش هەیە، ئەو ڕێکەوتنە هاوبەشە یان ستراتێژییە؟

وەڵام: ئێمە بە هاوپەیمانییەک ناومان بردووە، هەردووکلامان ئەوەی لە دڵی ئێمەدا لە کرداری ئێمەدا بێ، ئەوەی تا ئێستا لەوانیشم دیوە هەوڵدانی هەردووکلایە بۆ پتەوکردنی و بەرەو بردنی زۆر شتی ستراتیژیش، بۆیە من دڵخۆشم بەوەی کە لە داهاتوودا هەم قووڵتر بێتەوە لە نێوان ئەو دوولایەنە و هەم پەرەش بستێنێ بۆ لایەنەکانی تر.


پرسیار: ئێوە لە هەڵوێستەکانتاندا، یەعنی بەشێوەیەکی گشتی جۆرێك نێوانگیریتان هەڵبژاردووە، بۆ نموونە لە دوایین هەڵبژاردنەکان کە لە ئێران ئەنجامدرا ئێوە هەڵوێستێکی بەو جۆرەی کە لایەنەکانیتر بە زەقی هەیانبوو نەتانبوو، بۆ نموونە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە مووتڵەقی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد، لە لایەکەوە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان چووە ناو هەڵبژاردنەکەوە یان پشتگیری کرد نەک چووە نێویەوە، پشتگیری دەنگدانی کرد، ئێوە بۆچی بەم شێوازە لەم کاتەیا هەڵوێستەکانتان دەردەبڕن؟

وەڵام: باوەڕم پێبکە ئەگەر جەنابت نازانم چەندە شت بە فارسی دەخوێنیتەوە یان نووسراوە و شتەکانی کە من وتوومە دوای کەوتوویی بەڵام دەتوانم بڵێم نزیک بە ١٠ ساڵ لەوەو پێش من لە وتووێژێكی زۆر دوور و درێژ بەزمانی فارسیدا کە لەگەڵم کراوە لەلایەن سایتێکی زۆر پڕ تیراژی ئێرانی، بەتەفسیل باسی هەڵبژاردن و هەڵوێستی خۆمانم بەرانبەر بە هەڵبژاردن کردووە، من لەوە بڕوایەدانیم کە زۆر پێش خەڵکی دیکە مەسەلەی بایکۆت کردنی هەڵبژاردن لە وڵاتێکی دیکتاتۆری وەکوو ئێران، چون ئێنتخاباتەکانی ئێران هیچی ئازاد نین، هیچی دێمۆکراسی نین، هیچی پێوەرە دێمۆکراتیکەکانی بۆ ئینتخاباتێکی ڕاستەقینە تێدا نییە، بەڵام لەمە من ئەو نەتیجە ناگرم مادام وڵاتێک کە دێموکراتیک نەبوو تازە هەرگیزاو هەرگیز تۆ ناتوانی لە ئینتخاباتتدا بەشداری بکەی، شتی وانییە، یانی من پێموایە ئینتخابات نابێ بیکەی بە کوردە ناموسی ونابێ بیکەی بە بەشێک لە ئایدیۆلۆژی، ئینتخابات بەشێک لە تاکتیکە بەشێک لە ئیدۆلۆژی نییە، من ئەوانەم زۆر زووتر باس کردووە و ئێستاس لەو بڕوایەداین و ئێمەین وەکوو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە بڕیارنامەمان هەیە لەسەر داکۆکیکردن لەسەر ئینتخاباتی ئازاد لە ئێران، هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێران کە زۆر خوازیاری هەیە ئەو فکرە، ڕەنگە زۆرکەسیش موافقی ئەوە نەبن لەبەر ئەوە جۆرێک ئینعتاف و جۆرێک ئامادەیی بۆ هەڵوێستی جیاواز لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە نێو ئێمە و لە لای من وجوودی هەیە سەبارەت بە ئینتخابات، بەڵام ئەم ئینتخاباتە دیاریکراوە کە پێنج شەش مانگ لەوەو پێش بوو پێمان وانەبوو بایکۆتێکی ڕەق و تەق کەڵکێکمان پێدەگەیەنێ، بەڵام مەجالی بەشداری کردنی ڕاستەقینەش نەبوو، بۆیە ئەم هەڵوێستە وا هات، ئەوە نییە ئێمە میزانمان کردبێ لەبەینی دوولایەنی دیکەدا بین، خۆی هەڵوێستەکەمان وایە و تەوزیحێکی دوور و درێژیشمان وەختی خۆی لەسەر داوە.


پرسیار: مەجالەکە نەبوو بەوەی کە ناتواندرێت ئەوانەی کە ئێوە دەتانەهەوێت بیانبەنە پێشەوە یان دڵنیا نەبوون لەوەی کە دەتوانن وا بکەن؟

وەڵام: نا! با پێتان بڵێم، بۆ حیزبێکی سیاسی وەکوو تاک نییە بەشداری لە هەڵبژاردن، بۆ حیزبی سیاسی بەشداری کردن لە هەڵبژاردن ئەوە نییە بەس بچێت دەنگەکەی بخاتە سەندووقی دەنگدانەوە، ئەوەیە ئیجازەی کاندیدای هەبێ، ئەوەیە مەجالی کاری ڕاگەیاندنی ئازادی هەبێ و ناساندنی کاندیداکانی و بەرنامەکانی، ئەوەیە ئەمنییەتی هەبێت بۆ میتینگ و کۆبوونەوەی ئینتخاباتی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، هیچکام لەوانە وجوودی نەبوو، ئەگەر بێت و کۆماری ئیسلامی ئیجازەیەکی ئاوا بدا، من پێموانییە لە کوردستانی ئێران لە ٢٠، ٢٥کەس ٢ نوێنەر بەر کەسێک بکەوێ کە سەر بە حکوومەتی جمهووری ئیسلامی بێ، بۆیە ئەویش ئەو ئیجازە نادا، یانی ئینتخاباتەکانی قفڵ کردووە.


پرسیار: ئێوە ئەگەر ئیجازەتان بدەن لەو ئینتخاباتانەدا بەفەرمی بەشداری بکەن بۆخۆتان بەشداری دەکەن، یانی بەو شێوازەی کە باسی دەکەن؟

وەڵام: بەڵێ، ئەگەر بەو شێوازە بێ، یانی ئازادی ڕاگەیاندن، ئازدی میتینگ، ئازادی خۆکاندیدکردنەکان، ئەو میکانیزمەی کە لە ئێران هەیە هەرکەس پێیان خۆشبوو لای دەبەن بە ناوی نەزارەتی ئیستیسوابی ڕەدی سەڵاحییەتی دەکەن، ئەگەر ئەمانە لابچێ، با ئێرانیش نەبووبێ بە وڵاتێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە، بەڵام هەر ئەم نەختۆکەکش کە بدرێ بە خەڵک من بە باشی دەزانم خەڵک بەشداری بکەن، نوێنەرانی ڕاستەقینەتر، سالمتر، پاک و خاوێنتر، خزمەتگوزارتر بچن و لە مەجلیسی ئێراندا بەشداری بکەن، ئەمە بەردەبازێک دەدا، یانی بۆ ئەوە نییە دوای ئەوە سەردانەوێنی، بۆ ئەوەیە بەردە بازێک بۆ داواکارییە داهاتووەکانت بۆ مافەکانی داهاتووش بتوانی پەیدا بکەی. بەڵێ بۆ نا! وەختی خۆی لە وڵاتێک وەکوو ڕووسیەی تەزاری، هەمووی خوازیاری ڕووخاندنی حکومەتی تەزاری بوون لە ڕووسیە، کەچی سۆسیال دێمۆکراتەکان بۆچی لەوێ بەشداریان نەکردووە، بۆچی ئەوێ نادێموکراتیک نەبووە، ئینتخابات زۆر مەحدوود بووە دوو هەزار مەرجی نادێمۆکراتیکی تێدا بووە، بەڵام کە کەلێنێکیان بۆ هەڵکەوتووە بەشداریان کردووە، کە بەشداریان کردووە ئەو بەشداریەیان بۆ ئەوە نەبووە بچن دەستی حکوومەتی پێ ماچ بکەن، بۆ ئەوەیان بووە لەو سەنگەرەوە لەو بەردەبازەوە مافەکانی خەڵک بێننە گۆڕێ، وا نییە ئەگەر وڵاتێک دیکتاتۆری بوو ئێمەش بە چەقی لەحنەتدا دەچینە خوارێ و تازە تا ئینقرازی عالەم لە هیچ ئینتخاباتێکی ئەو وڵاتە بەشداری ناکەین. بۆیە من پێموایە ئەوە جمهووری ئیسلامییە لە ئینتخاباتی ڕاستەقینە و ئازاد دەترسێ، ئێمە بۆ دەبێ بترسین، ئێمە دەبێ بیکەین بە داخوازی خۆمان و فشار درووست بکەین، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جەماوەری درووست بکەین، لەسەر ئەوەی ئەو مافە زەوتکراوە یانی ئینتێخاباتی ئازاد بدرێتەوە بە خەڵک.


پرسیار: لە کاتی ئێستادا هەستێک بە جۆرێک پەرتەوازی لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەکرێ، باست لەوە کرد کەسەرکەوتوو نەبوون لە درووسکردنی بەرەیەک، بۆچی بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی کە بیر و باوڕ و ئایدۆلۆژیاتان بەیەکەوە نزیکە و کەمتر کێشەتان هەیەنەتانتوانییوە تەنها تەنانەت لە نێوان ئەوانەشدا بەرەیەک درووست بکەن تا دواتر فراوانتری بکەن ئەگەر بتوانن؟

وەڵام:من دەتوانم بڵێم جێی داخە کە نەکراوە، ئێمە بۆ ١٥ ساڵ دەچێ کە هەوڵی بەردەوامی بۆ دەدەین، سەرەتا کەس لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە نەبوو شتێکی نامۆ بوو، بەشتێکی غەیر عەمەلی و خەیاڵی دەناسرا، ئێستا زۆر کەس لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە، لە ڕای گشتی لە حیزبەکان، ئێمە هەرچەن بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووین لە درووسکردنی بەرەیەکی کورستانی بەڵام ئەو ڕێکەوتننامەیەی نێوان ئێمە و حیزبی دێموکرات، بەهەموو گرینگییەکەی و بەکەڵک بوونەکەی من بە هەنگاوێکی دەزانم لە پێناو ئەو ئامانجە گەورەدا. ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات ناتوانین چیدی بیخەینە دواوە و ئەگەر بێت و بیخەینە دواوە زەرەری قورس دەکەین و تازە پەشیمانیش سوودێکی نابێ بۆمان.


پرسیار: وتت هەوڵی بۆ دراوە و لە کاتی ئێستاشدا زۆر قسەی لێدەکرێ، بۆچی ئەو هەوڵە نوێ ناکرێتەوە لەو کاتەی ئێستادا؟

وەڵام: دەبێ نوێی بکەینەوە، بەڵێ من لەگەڵ ئەوە هەم، ئێمە کۆمەڵێکیش بۆئەوە پرۆژەمان هەیە، بەڵام با زۆر تێکەڵ نەبن لەگەڵ یەکتری، هیوادارم کە کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و شەخسی کاک سەید ئیبراهیمی عەلیزادە کە دۆست و هاوسەنگەری دێرینی منە و کەسێکی زۆر ڕێزداریشە لەلای هەموومان، هیوادارم وەڵامی موسبەت بدەنەوە. من پێموایە ئەوە نەک ناتەبا نییە لەگەڵ بەرەیەکی کوردستانی بەڵکوو ئەوە ڕێخۆشکەریش دەبێ بۆ بەرەیەکی کوردستانی.


پرسیار: لە ماوەی ڕابردوودا با بڵێن حەفتەی ڕابردوو بوو، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەشێوەی چەکداری لەگەڵ سوپای پاسداران ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبوو و قوربانی لە هەردوولایان هەبوو، ئێوە بۆخۆتان ڕاتان لەسەر دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری چییە؟

وەڵام: پێشەکی سەرەخۆشییەکی زۆر دەکەم لە بنەماڵە و کەسوو کاری ئەو شەهیدانەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هاوسەنگەرانیان، من جیاوازییەک دادەنم لە نێوان هەبوونی پێشمەرگایەتیو تەنانەت چالاکی پێشمەرگانەش لەگەڵ دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری بەو مانایەی کە جاری جاران ئێمە بەڕێوەمان دەبرد، مۆقاومەت و بەرگرییەک و موقاومەتێک کە کوردی ڕۆژهەڵات کردوویەتی بە ڕاستی نموونەیی بووە، چ ئێمە کۆمەڵە و چ حیزبی دێمۆکرات یەکی هەزاران شەهیدمان لەم پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە و ئەوە لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی گەلی کورد لە کورستانی ڕۆژهەڵاتدا. خەباتی چەکداری و کاری چەکداری بەگشتی من بە یەکێک لە شکڵە گرینگەکانی خەباتی دەزانم بەڵام بۆ ئەوەی ئایا ئێمە ئێستا بەرنامەیەکمان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری من ناتوانم وا بڵێم، پێموایە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە هەر ئەو پێشنیارەشمان کردووە پیویستە دانیشتن لەسەر ستراتژی خەباتی چەکداری هاوبەش بن، ئێستا هاوبەشیکەک لەو بارەوە وجوودی نییە و ئەمەش نابێ وا بێ.


پرسیار: کەواتە پێتوایە ئەو پرژ و بڵاوییە لەبار نییە بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری؟

وەڵام: من پێموایە ئەگەر ئەو پرش و بڵاوییە نەهێڵین لە نێوان خۆماندا، ئەگەر دانیشین باس و لێکدانەوەیەکی زۆر واقعی بکەین لەسەر بارودۆخەکە و لەوەوە سیاسەتی خۆمان هەڵێنجین لەم حاڵەدا بەهەر نەتیجەیەک بگەین چاکتر دەبێت لە پرژ و بڵاوییەکە. یاخود بەو قەناعەتە دەگەین کە با بە هەموومان دەست بە خەباتی چەکداری بکەینەوە یا دەنا جۆرێکی دیکە لە کاری پێشمەرگانە و چالاکی پێشمەرگانی دەنوێنین کە گونجاو بێت لەگەڵ سەردەم کە بتوانێ ورەی خەڵکیش بەرز کاتەوە و هێزی پێشمەرگەش پتەوتر و ڕاهاتوو تر بکا و لەهەمانکاتدا زەرەر و زیانیشی کەمتر بێ.


پرسیار: ئەوەندەشی لەسەر ئێوە دەوترێ، دەوترێ ئێوە لەگەڵ خەباتی چەکداریدان بەڵام نایکەن؟

وەڵام: دیارە وردەکاری بەرنامە بۆ باسکردن نابێ بەڵام دەتوانم ئەوەندە بڵێم ئێمە لە باری کاری پێشمەرگانەدا، من ناوی نانم خەباتی چەکداری بەو مەعنا هێز بنێرییەوە و شەڕی جمهووری ئیسلامی بکەی، بەڵام بە مەعنای کاری پێشمەرگانە، بارهێنانی، ڕاهێنانی، پتەوکردنی، کارپێکردنی، چالاکی پێکردنی نەوعێک لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەک جارێک چەندها جار و هەروەها بەشداری کردنی لە بەرەکانی شەڕی داعش ئەوانە هەمووی بە کاری پێشمەرگانە دەزانم، ئەوە نییە ئێمە هەموومان لە ماڵی خۆمان دانیشتبێتین، بەڵام ڕەنگبێ ڕاگەیاندنمان کەم لەسەرکردبێ و ئەگەر بەڕاستیش بپرسی بەسەلیقەی من ئەوەش چاکترە کەمتر کاری ڕاگەیاندنی لەسەر بکەی بەڵام کاری خورد و ورد بۆ داهاتوو بکەی.


پرسیار: لەبەرانبەر پرسی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری پرسێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانا گەرمە ئەویش ئەوەیە کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران کاری کوردەکان نییە و ئەمە پرسێکی هاوردەیە بۆ نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

وەڵام: ڕەنگە جەنابت مەبەستت وتارەکانی کاک خالد عەزیزی بێ، من پێموایە ئێمە تێبینی جددیمان هەیە لەسەر ئەم شێوە فرموولە کردنی پەیوەندی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی، پەیوەندی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕووخاندن و نەڕوخاندنی پێموایە دەبێ دەقیقتر باس بکرێ، یەک ڕاستی گەورە هەیە، ئێمە زۆر لەمێژە ئەوەمان باس کردووە و ناگەڕێتەوە بۆ مانگەکانی ڕابردوو و بەڵگەش هەیە لەسەری ئەویش ئەوەیە، ئەرکی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە ئەستۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا بێ، بێگومان وایە. هەمووو بزووتنەوەیەک بەحوکمی تواناییەکەی، بە حوکمی مێژووەکەی کۆمەڵێک ئەرک دەتوانێ لە ئەستۆی بێ و لە ئەستۆیەتی و کۆمەڵێک ئەرکیشی ناتوانێ لە ئەستۆ بێ، ئێمە ناتوانین زۆر خۆمان حیساب بکەین ١٠ ملیۆنین و ئێران ٨٠ ملیۆنە، ئێران بە ئێمە ناڕووخێ نەک هەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، حکومەتی ناوەندی دیکەش هەبێ سبەی ڕۆژ بەکورد ناڕوخێ، با بڵێین تەنها بە کورد ناڕووخێ، تۆ ناتوانی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ئێران ئەرکێک دانێی کە قابیلی ئەنجام نەبێ، قابیلی وەدیهاتن نەبێ، بۆ هەموو بزووتنەوەیەکیش وایە، بۆ بزووتنەوەی کرێکاریش وایە، بۆ بزووتنەوەی ژنان وایە، هەر بزووتنەوەیەک دەبێت ئەرکێک دابنێت لە ئەستۆی خۆی کە بۆی قابیلی وەدیهاتن بێ، ئەمە من دەتوانم بڵێم زۆر لە کۆنەوە ڕەئی ئێمە ئاوا بووە، دەتوانم بڵێم ١٥ ساڵ لەوەپێش کاک ئەبووبەکری مودەڕسی عەینی ئەوە مەقالەی نووسیوە و بڵاوی کردووتەوە، بڵێم لە ١٠ سمینار من ئەوەم باس کردووە کەمە بەڵام ئەوەی کە ئەم ئەسڵە دروستە بەداخەوە لە نەوعی فرموولە کردنی کاک خالیددا شتێکی نادرووستی لێدەکەوێتەوە ئەویش ئەوەیە، ئەرکی بزووتنەوەی ڕزگاریبەخش نییە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئەستۆی خۆی دابنێ بڵێ من حەتمەن دەبێت ڕژیم بڕووخێنم، بەڵام لە بەرژەوەندیدا هەیە، لەتوانای دا نییە بەڵام لە بەرژەوەندیدا هەیە، چونکە کێیە پێشی مافەکانی گەلی کوردی گرتووە، کێیە کوردی سەرکووت کردووە، کێیە ئەو هەموو سێدارەیەی هەڵبەستووە لە کوردستان، کێیە هەموو مافی فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی لە کورد زەوت کردووە، کە وابێ ئێمە مانعێکی گەورە و کۆسپێکی گەورە لەسەر ڕێگای بە ئەنجام گەیشتن و بە موراد گەیشتنی گەلی کورد بە ئاواتەکانی خۆی، کۆماری ئیسلامییە، ئێمە زۆر بەرژەوەندمان هەیە، هیچکەس بەقەد کورد سوودمەند نابێ لە گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی ئێراندا و هیچ کەسیش ئێستا بەقەد کورد زەرەرمەند نییە لە مانەوەی ئەم سیستمە سیاسییەی ئێستا، بەڵام بەخۆی ناڕووخێ، لەبەر ئەوە نابێ ئەو نەتیجە بگری جا ئەگەر وایە بەدەردی کورد دەڵێ ( دەستێک کە ناتوانی بیگەزی ڕایمووسە) نا نا وانییە بەئێمە ناڕووخێ، حەتا من کۆن ٢٥ تا ٣٠ ساڵ پێشیش، ئێمە هەر ئەو وەختیش لایەنگری لاچوون و لابردنی کۆماری ئیسلامی بووین چوونکە بە کۆسپێکی سەر ڕێگای هەموو کەسی دەناسین، بەڵام ئەوەمان نەکردبوو بە ستراتیژی خەباتەکەی خۆمان لە بزووتنەوەی کورددا، بڕۆ بیخوێنەوە ستراتیژی ٢٥ ساڵ ٣٠ ساڵ پێشی کۆمەلە ، ناڵێ ئەرکی بزووتنەوەی کوردستان بریتییە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، دەڵێ بریتییە لە هەڵپێچان و ڕاماڵینی هێزە سەرکووتگەر و داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، یانی ئەمە لانی زۆری توانای بزووتنەوەی کوردە کە خۆی لەبەر دەست داگیرکاری ئێران بێنێتە دەرێ، ئەوە نییە کە تارانیش بگۆڕێ.


پرسیار: باشە، بەدیل چییە؟

وەڵام: جا من بۆیە دەڵێم وەختی خۆی دکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو بەهەڵکەوت نەبوو و بە هەڵەش نەبوو کە دەڵێ، دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودمۆختاری بۆ کوردستان، ڕاستە خودمۆختاری ئێستا بووەتە فێدراڵی لە بزووتنەوەی کوردی ئێراندا بەڵام مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئەگەرچی ئەرکی ڕووخاندنی لە ئەستۆی ئێمە نییە بەڵام هیچ شتێک بەقەد گۆڕانکاری سیاسی لە ئێران، دێمۆکراتیزە بوونی ساختاری ئێران، دێمۆکراتیزە بوونی ساختاری سیاسی دەوڵەت لە ئێراندا، بە قازانجی کورد نییە، ئێمە ئەوە زۆر بە قازانجمانە، بۆیەشە کورد بەشێوەیەکی بابەتی نەک بە دڵی خۆی، بەشێوەیەکی بابەتی و ئۆبژێکتیڤ بەرژەوەندی کورد لەگەڵ بەرژەوەندی بزووتنەوە دیمۆکراسی خوازەکانی ئێران لەیەک ئاراستەدایە. لەوە من ئەو نەتیجە دەگرم، کورد دەتوانێ بە دوو کارت و دەبێ و دەتوانێ و مافی ئەوەی هەیە بە دوو کارت کایە بکا، یەکیان ئەوەیە بزووتنەوەکەی خۆی ئیدامە بدا بەهەرشكڵێکی کە بۆ هەر سەردەمێک گونجاوە بەڵام کارتێکیان ئەوەیە قەد وتووێژ ڕەد نەکاتەوە لەگەڵ هەر حکوومەتێکیش بێ، بەڵام وتووێژ نابێ ڕەت بکاتەوە.


پرسیار: کەواتە ئێوە لەگەڵ وتووێژن لەم حاڵەتەدا؟

وەڵام: بەڵێ، کەسیش ڕەتی نەکردووەتەوە، لەڕاستیشدا بە بڕوای من یەکێک لە کەم و کۆڕییەکان لە قسەکانی کاک خالید وا دەنوێنێ خەتای کوردە کە وتووێژ ناکا، شتی وا نییە ئاخر، خەتای کۆماری ئیسلامییە دەرگای هێمنانە و پرۆسەی سیاسی هێمنانەی بەڕووی هەمووکەسدا داخستووە، کەوابێ بەدەستێک وتووێژ ڕەد نەکاتەوە و ئامادە بێ حکوومەتی تاران هەرکەس بێ، ئەم لەسەر مافەکانی خۆی پێداگری بکا، بەڵام بەدەستێکی دیکەش مادام ئەم ئەگەرە نایەتە دی یان نەهاتووەتە دی، لەگەڵ هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانخواز لە ئێران دەبێ نزیک بێ و هاوتەریب بێ، هەرخۆی عەرزم کردی بە شێوەیەکی بابەتی و ئۆبژێکتیڤیش هاوتەریب بی.


پرسیار: بەڵام لێرەدا گرفتێک هەیە، هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان لەسەر ئەم پرسەی کە جەنابت قسەی لەسەر دەکەی و کاک خالیدی عەزیزیش قسەی لەسەر کردووە کۆک نین لەسەر ئەم بابەتە بەیەکەوە، ئەمە چۆنە؟

وەڵام: من پێموایە یەکێک لە باشییەکانی هاتنە ئارای ئەم باسانە ئەوەیە کە قسەیان لەسەر بکەین بە وردی و لە سەری بنووسین و پێش هەموو شتێک باوڕم پێبکە ئەگەر جەنابت نەتپرسیبایە من ناعیلاج بوم جواب بدەمەوە، دەنا ئەوەم بە باش دەزانی تا ئێستا هیچمان نەوتووە و نەمان نووسیوە لەسەر وتەکانی کاک خالید چونکە پێمان باش بوو لە پێشدا لەگەڵ خۆیان قسە بکەین، من پێموایە دەبێ هەم دیالۆگی ناوخۆیی لە نێو حیزبەکان زۆر بکەین و هەمیش دیالۆگێکی گەورەی لەسەر ساز بکەین، بەبێ ناو و ناتۆرە، بەبێ قسەی تاڵ بەیەکتری وتن، بەڵام بەشێوەیەکی زانستییانە ئەو بابەتە لێک بدەینەوە، ئێمە کۆمەڵێک مەسەلەی ستراتیژی هەیە دەبێ خۆمان نزیک بکەینەوە لەوانەدا و تا دانەنیشین و قسەی لەسەر نەکەین ناتوانین خۆمان نزیک بکەینەوە لەوەدا، پێموایە ستراتیژی سیاسیمان لەوەدا بۆ ڕووخان دەڵێین چی و ناڵێین چی، بۆ ئێنتخاباتەکان چی دەکەین و چی ناکەین، بۆ خەباتی چەکداری چی دەکەین و چی ناکەین، هەمووی ئەوانە قابیلی ئەوە هەیە کە بتوانین لەسەریشیان کۆک بین، ڕاست دەکەی لەسەریان کۆک نین، بە‌ڵام دەتوانین لەسەریان کۆک بین.


پرسیار: بەڵام هەوڵێک نابیندرێ لەسەر ئەوەی کە ئێوە ئەو هەنگاوە بنێن یەعنی لە نێوان خۆتاندا؟

وەڵام، من وەکیلی خۆمانم، بەڵێ ئێمە هەموو هەوڵێکمان هەیە، نێوانیشمان هیچ حیزبێک نییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێمە موشکلێکمان هەبێت، وتووشمانە لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی مەرجمان لەسەر هیچکەس نییە، هەرناوێک لە خۆی دەنێ یان هەر بەرنامەیەکی هەیە مادام لەگەڵ بنەماکانی ئەو بەرە یەک بگرێ ئێمە مانێعێکمان نییە، بۆیەش ئێمە هیچ کۆسپێک نین یان کۆسپێکیش دانانێین لە بەردەم هیچ ڕێکەوتنێکدا، دەزانم کۆمەڵێک کۆسپ هەن بەڵام ئێمە نین و لەگەڵ هەموو حیزبەکانیش نێوانمان خۆشە و بڕواشمان ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە دەتوانین ئەوە بڵێین کە جددین لەوەدا، بە ستراتیژی خۆمان لێک نزیک بکەینەوە کە لەدەوری یەکتر دانیشین قسە بکەین، سیمینار بگرین، دوو هەزار موناقشەش بکرێ لەوێ لەناوخۆی، قەیناکا بەڵام سەرەنجام من پێموایە هەزار تەحلیلی دروست نییە هەر یەکیان دروستە، دەتوانین لەسەر ئەو شتە دروستە یەک بگرین.


پرسیار: بە بەراوەرد لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە بەراوەرد لەگەڵ باکوور، ڕۆژئاوا، باشوور، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژەف نەبووە بە پێی پێویست، بۆچی ئەم بابەتە بەو شێوازەیە؟

وەڵام: بێگومان بۆخۆمان بێ کەم و کۆری نەبووین، بەڵام من خەتای سەرەکی ناخەمە ئەستۆی خۆمان، من لەگەڵ ئەوە نیم کە کوردی ئێران دەست بکا بە قۆڕ پێوان و دەست بکا بە لۆمەی حیزبەکانی خۆی و خەباتەکەی خۆی و مێژووەکەی خۆی، ئێمە ناڵێم بێ کەم و کۆڕی بووین، بەتایبەت ئینشێقاقاتی خۆڕایی لەنێوماندا بووە کە ئەویش زەرەر و زیانی خۆی گەیاندووە, بەڵام من وادەزانم کە ئێمە دەرفەتیشمان بۆ هەڵنەکەوتووە، من زۆر باش دەزانم کە هەر پارچەیەکی کوردستان کە لە نەزەری بگری هەرچی بەدەستی هێناوە بە خەباتی خۆی بەدەستی هێناوە، ئەگەر ئەو خەباتە نەبووایە، ئەو قوربانییە نەبوایە و ئەو سیاسەتە درووستە سەرجەم نەبوایە نەیاندەتوانی، بەڵام لەپاڵ هەموو خەبات و قوربانی بەڕاستی ئەمن بە واقعبینانەی نابینم و بە مونسیفانەی نابینم کە ئەم ڕاستیەش نەبینین کە هەرسێک پارچەی کوردستان کە جەنابت ئیشارەت پێکرد بە باکوورەوە بە ئەم باشوورەوە هەمووی فوورسەتیان بۆ هەڵکەوتووە، دادەی زەحمەت نەبێ پێم بڵێ ئەگەر سەدام هێرشی نەکردبایە و کوێتی نەگرتبایە و دوایەش هاوپەیمانان لێیان نەدایە ئەو ڕاپەرینە ساز دەبوو لە جنووب و دوایی لە کوردستان و ئەگەر کۆڕەوەکە نەبوایە و دوای کۆڕەوەکە ئەمریکا و بریتانیا لە ژێر فشاری ویژدانی جیهانی کە هەژابوو بۆ کورد مەجبوور نەبواین ناوچەی ئەمنی بۆ دیاری بکەن، ئەگەر ئاکپارتی نەهاتبایە سەرکار و لە ڕیشەی کەمالیزمی نەدابایە و جەیشی تورکی پاشەکشە پێنەکردبایە خۆ ڕاستە ئەلعان بەداخەوە شەڕ و پێکدادان هەیە بەڵام بۆ چەن ساڵێک ئایا ئەمە کوردی نەبردە پێشەوە، ئەگەر بەهاری عەرەبی نەبوایە و سووریەشی نەگرتبایەوە و ئینجا ڕژیمی ئەسەد تەماشای نەکردایە بابا هەر کوردستان تەحویلی کوردەکە بدا چاکترە با عەقەلەن لەگەڵ خەڵکەکەی دیکە نەکەون و ئەم حاڵەتی نە شیش بسووتێ نە کەبابەی درووست نەکردبایە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دواتر داعش سەری هەڵنەدابا و هەموو دنیا پێویستی بە شەڕڤانی کورد نەبوایە ئەوانیش ئەوەیان بۆ هەڵنەدەکەوت، بۆیە من زۆر لەگەڵ ئەو خۆکوشتن و خۆبڕینە نیم. کەم و کۆڕییەکانمان بناسین و بە ڕاشکاویشەوە بیناسین هەوڵ بدەین بۆ چارەسەر کردنیان و شەرم نەکەین کەم و کۆڕیمان هەیە بەڵام دۆشدامان و ئەوەی ئێمە هیچمان نەکردووە و ئەم خۆکوشتن و خۆبڕینە من بە ڕێگە چارە نازانم. لە جیاتی ئەوە دەست بدەینە دەست یەک ئەی بابە دیپلۆماسی کوردی ڕۆژهەڵات لە دنیادا هێشتا دەنگی نەداوەتەوە، حەقی خۆمان هێشتا نەدراوەتێ وەکوو کوردی ڕۆژهەڵات، ئێمە سەدجار ئەو پێشنیارەمان کردووە و هیوادارم ئیتر بەرەو سەرکەوتن بچێت، با بەهەموومان دیپلۆماسی هاوبەشی کوردیمان هەبێت، بۆ بە هەموومان نەچێنە کۆنگرە و سنای ئەمریکا، بۆ بە هەموومان نەچینە پارلەمانی ئۆرووپا، ئاخر دەبێ وا بکەین، بۆ بە هەموومان تلڤزیۆنێک دانانین، هەرکەسە و تلڤزیۆنی خۆی بۆچییە، ئاخر لەبەر گرفتی دارایی زۆریشمان لێ تەعتیل بووە، ئاخر دەبێ بۆ وا بکەین، بۆ بە هەموومان تەلەفزیۆنێک دانەنێین. بێت و ئەو سنوورانە ئێمە لە بەینی خۆماندا تێپەڕ نەکەین و بە ڕاستی بڕیار نەدەین بۆ بەرەیەکی کوردستانی و بۆ هاوکارییەکی فراوانتر بە ئاسانی نابینم ئەو گیرو گرفتانەمان بۆ چارەسەر بکرێ.


پرسیار: من دەرفەتێکی کەمم ماوە بەڵام دەمهەوێت لەسەر حیزبەکانی باشووری کوردستان چەند پرسیارت لێ بکەم، لەگەڵ حیزبەکانی باشوری کوردستان نێوانتان چۆنە؟

وەڵام: نێوانمان لەگەڵ هەموویان خۆشە.


پرسیار: سەرجەم؟

وەڵام: بەڵێ، ئێمە هەمیشە هەستمان بە بەرپرسیارییەتی کردووە، ئێمەش وەک هەموو خەڵکی دیکە کەم و کۆڕییەکانی ئەزمونی کوردستانی باشوور لە ئیدارەوە بگرە، تا گەندەڵییەوە بگرە تا هەزار و یەک شت پێدەزانین، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە پێمانوابووە کە پاراستنی ئەزموونی ئەم کورستانە و دەستکەوتەکانی ئەرکی هەمووو حیزبەکانە.


پرسیار: جۆرێک ناکۆکی لە نێوان حیزبەکاندا هەیە(حیزبەکانی کوردستانی باشوور)، بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەوە چییە لە کاتی ئێستادا؟ ئێوە ئەڵێن نێوانمان لە گەڵ هەموویاندا هەیە کەواتە پێدەزانن کە چی دەگوزەرێ؟ڕەنگە ئێوە باشتر بزانن کاریگەری ئەم باروودۆخە چییە؟

وەڵام: بەڕاستی ئێمە ئەوە بە ئەرکی خۆمان نازانین خۆ لە کاری هیچ پارچەیەکی دیکە هەڵ بقورتێنین، ئەوپەڕی دڵسۆزیمان بۆیان هەیە، باوەڕم پێبکە ئێستا ڕەنگبێ مەجالی ئەوە نەبێ باسی ئەوە بکەین بەڵام یارمەتی هەموویانمان کردووە و بە پێشمەرگەش ئەگەر لازم بێت دەیکەینەوە جارێکی دیکە، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە ئێمە پرەنسیپێکمان هەیە ئەویش ئەوەیە، ئەرکی هەر پارچە و حیزبەکانی پارچەکانی دیکە، ئەوەیە کە پشتگیری پارچەکانی تر بکەن بەڵام وەزیفەیان نییە خۆی تێهەڵقورتێنن و ئاڵتێرناتیڤ دروست بکەن و خۆی لێبکەن بە خاوەن، ئێمە بۆخۆشمان ئەو ئەسڵەمان بەڕێوە بردووە، بۆ پرسیارەکەی جەنابیشت هیوادارم یەکگرتنێکی گشتگیر ببێت، بە جۆرێک کە کورد بتوانێ گرفتی خۆی بە ژیری و بەدەسەڵاتێکی یەکگرتووەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکا و سەبارەت بە پرسی سەربەخۆییش یەکدەنگ و هاو هەڵوێست بن و ئاوا پێمانوایە ئەگەر نەیکەن بە زەرەری هەموویان و هەمووشمانە.






ئه‌م بابه‌ته 3121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:27:28/06/2016